وتارەكان ڕەنگدانەوەی بارودۆخی سیاسیی و ئابووری و كۆمەڵایەتی گەلانی مسوڵمانن. مەبەست لە گۆڕانكاری سیاسیی، ئەو گۆڕانكارییە سیاسییانەیە كە ڕۆڵێكی كاریگەریان لەسەر باهۆزی دیموكراسی و ڕابوونەكانی ساڵی 2011 هەبوو، كە د. عەلی وەك ئەمینداری گشتیی یەكێتی جیهانیی زانایانی مسوڵمان؛ ڕاستەوخۆ لەناو ڕووداوەكانی ئەو شۆڕشەدا ژیاوە و بەدەوام بەشێك لە وتار و لێدوانە ڕۆژنامەوانی و چاوپێكەوتنەكانی بۆ ئەم مەبەستە تەرخان كردووە.
بەشێكی تری وتارەكانی تایبەتن بە بواری جیاوازی بیری ئیسلامی و گەشەپێدانی بیری میانڕەوی لەناو مسوڵماناندا.
هەروەها بەشێك لە وتارەكان باسی گرنگی پەرستشەكان دەكەن، لە (نوێژ و حەج و ڕۆژوو.. هتد) و بە خوێندنەوەیەكی نوێوە گوزارشتیان لێ دەكات، لەلایەكی تریشەوە گرنگییەكی زۆر بە لایەنی ئابووریی ئیسلامی دەدات و بە هۆكاری پێشخستنی كۆمەڵگا مسوڵمانەكانی لەقەڵەم دەدات. هەروەك چۆن هەندێ بابەتی تری كۆمەڵایەتی وەك مافی بەرامبەر و دراوسێ و دایكان و باوكان و پەروەردەی منداڵ، زیاتر ڕەنگ و هەمەجۆری بە وتارەكانی نێو ئەم كتێبە دەبەخشن.
بەشێوەیەكی گشتی، كۆی وتارەكان لێدوانی سەردەمییە لەسەر چەمكەكانی شۆڕش، دیموكراسی، ستەمكاری، خەبات و بەرخۆدان لە ڕوانگەیەكی ئیسلامییەوە. هەروەها جەخت كردنەوەیە لەسەر نوێ كردنەوەی خوێندنەوەمان بۆ بیری ئیسلامی و سەرلەنوێ پێداچوونەوە و بونیادنانەوەی، بەجۆرێك لەگەڵ ڕووحی ئەم سەردەمەدا بگونجێت.
بەشێكی تری كتێبەكە تایبەت كراوە بە نامیلكەی (عباد الرحمن)، كە وەرگێڕدراوی حەوت ئەڵقەی بینراو و سەربەخۆی د. عەلی قەرەداغییە و بەجیا وەك نامیلكەیەك چاپ كراوە و بۆ زمانی كوردی وەرگێڕدراوە. نامیلكەی (عباد الرحمن) پەیوەستە بە باسی ئەو باندانەی خواوە كە خوای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا بە (عباد الرحمن - بەندەكانی الرحمن) ناوی بردوون.
وردەكاریی سەرەكی لەبارەی كتێبەكەوە، ئەمانە دەگرێتەوە:
زمانی بنەڕەتی: عەرەبی
وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی كوردی لەلایەن عومەر عەلی موحەمەد.
ژمارەی لاپەڕە: 392
ساڵی بڵاوبوونەوە: 2014
بۆ خوێندنەوەی كتێبەكە، كلیك لێرە بكە