فوائد البنوك وعلاقتها بالتضخم

لەم توێژینەوەیەدا، نووسەر (پ.د. عەلی محێدین قەرەداغی)، گفتوگۆ دەكات لەسەر فەتوای حەڵاڵ كردنی سووی بانكەكان، كە لە ساڵی 2002 لەلایەن كۆمەڵەی توێژینەوەی ئیسلامیەوە دەركرا و لەبەرگیراوەی فەتواكەی موفتیی میصر بوو (د. محمد الطنطاوي) كە لە ساڵی 1989 بۆ یەكەم جار فەتوای حەڵاڵیی سووی بانكە كلاسیكییەكانی دا.

گفتوگۆكەی نووسەر گفتووگۆیەكی زانستیی فیقهیی ئابووری و واقیعییە و سەرنجی خستۆتە سەر وەڵام دانەوە و ڕەت كردنەوەی ئەو بناغە فیقهییانەی كە فەتواكە پشتی پێ دەبەستێت؛  ئەویش بەپێی فیقهی میزان.

سەرەتا د. عەلی ئەو چوار ڕەگەزە دیاری دەكات كە فەتواكە لەسەری ڕاوەستاوە و پاشان هەر یەكێكیان بەپێی فیقهی میزان ڕەت دەكاتەوە، ئەوانیش بریتیین لە:

یەكەم- بانك وەبەرهێنان دەكات بە پارەكانەوە.

دووەم- بانك وەبەرهێنان دەكات پێیانەوە لە مامەڵە ڕێ پێدراوەكانی خۆیدا.

سێیەم- بانك قازانج دابەش دەكات.

چوارەم- قازانجەكە پێشەكیی بە ڕێكەوتن لەگەڵ كڕیارەكە دیاری دەكرێت.

د. عەلی لە درێژەی توێژینەوەكەیدا گومانی سەر ئەو پرسیارانە لادەدات كە ڕووبەڕووی پرسی سوو دەبێتەوە لە مامەڵە داراییەكاندا و تێكڕا ڕەدیان دەداتەوە.

لە بەشی دووەمی كتێبەكەیدا، نووسەر باس لە پەیوەندی نێوان سوو و هەڵئاوسان دەكات و كاریگەرییە نەرێنییەكانی سوو لەو ڕووەوە نیشان دەدات. هەروەك چۆن وتەی ئابووریناسانی نامسوڵمانی ڕۆژئاوایی و واقیعی خودی ڕۆژئاوا و ئەمریكا دەكاتە پاڵپشت و بەڵگەی قسەكانی و دەیسەلمێنێت كە سوو چارەسەر نییە بۆ هەڵئاوسان بەڵكو هۆكارە. دواتر بە وردی لەسەر چارەسەری هەڵئاوسان و هەڵوێستی ئابووریی ئیسلامی دەدوێت.

لە كۆتا بەشی كتێبەكەیدا، نووسەر گفتوگۆ دەكات لەسەر هۆكارەكانی دابەزینی نرخی لیرەی توركی و كاریگەرییەكانی و پاشان چارەسەرەكانی.

وردەكاریی سەرەكی لەبارەی كتێبەكەوە، ئەمانە دەگرێتەوە:

  • زمانی كتێب: عەرەبی

  • نووسینی: عەلی محێدین قەرەداغی

  • ژمارەی لاپەڕە: 174

  • ساڵی بڵاوبوونەوە: 2023