لەم كتێبەدا و لە فەتواكانیدا، نووسەر پشت دەبەستێت بە قورئان و سوننەت و هەڵێنجاندنی جڵەوگیركراو بە پێوەندە ئسوڵییەكان و فەتوای بەكۆمەڵی وڵاتان و كۆمەڵە ئیسلامییەكان.
سەرەتا نووسەر فەتوا دەناسێنێت و لە دادوەری كردن و هەڵێنجاندن جیای دەكاتەوە، پاشان حوكم و تایبەتمەندییەكانی فەتوا و فەتوادەریش نیشان دەدات. دواتر پەیوەندی فەتوا بە فیقهی میزانەوە ڕوون دەكاتەوە و هەریەكێك لە بابەتەكانی (پاكێتی (الطهارة) و پەرستشەكان و مامەڵە داراییەكان و ئابووریی ئیسلامی) لەبەر ڕۆشنایی فیقهی میزاندا دەردەخات.
لەوە بەدواوە نووسەر دەست دەكات بە وەڵامدانەوەی كۆمەڵێك پرسیار و فەتوادان لەسەریان بەپێی فیقهی میزان. لەم بابەتانەی خوارەوەدا:
بابەتی پاكێتی: پاكیی مرۆڤ لەپاش مردنی، پاكیی مێروو، پیسیی سەگ، پاك كردنەوە بە ئامڕازە سەردەمییەكان، بەكارهێنانی ئاوی پیس... هتد.
بابەتی نوێژ: پێشنوێژیی ئافرەت، نوێژی مردووی تێكەڵ، نوێژی ناو ئۆتۆمبێل، وتاردانی ئافرەت لە هەینیدا... هتد. كە بە وردی باس لە پێشنوێژیی ئافرەتان و بونیدنانی مزگەوتی تایبەت بە ئافرەتان و بەشداربوونی ئافرەتا لە پەرستشەكان دەكات.
بابەتی ڕۆژوو: بەڕۆژوو بوونی منداڵ و بێ ئاوەز، گورچیلە شۆردن لە ڕەمەزاندا.. بەڕۆژوو بوون لەكاتی گەشتدا.. هتد.
بابەتی سەر فیطرە و كەفارەت: دواخستنی سەرفیطرە، كاتی دەرهێنانی.. هتد.
بابەتی زەكات: زەكاتی پشك، دواخستنی زەكات بۆ ڕمەزان، زەكاتی مووچە، زەكاتی زێڕ، زەكاتی پارەی زەخیرەكراو، زەكاتی قەرز، باج و سەرانە.
وردەكاریی سەرەكی لەبارەی كتێبەكەوە، ئەمانە دەگرێتەوە:
زمانی كتێب: عەرەبی
نووسینی: عەلی محێدین قەرەداغی
ژمارەی لاپەڕە: 399
ساڵی بڵاوبوونەوە: 2024