كتێبەكە لە پێنج بەشی سەرەكی پێكدێت، كە نووسەر لە یەكەم بەشدا زەكات لە باج جیا دەكاتەوە؛ ئەویش لەڕێی ناساندی هەر یەك لەو دوو دەستەواژەیە لەڕووی زمانەوانی و واتاوە و دیاریكردنی جیاوازییە بنەڕەتییەكانیان. لە هەمان بەشدا د. عەلی قەرەداغی ئاماژە دەدات بە ئیعجازی زانستی و ئابووریی لە هەڵبژاردنی وشەی زەكاتدا، هەروەها ئامانجە سەرەكییەكانی زەكات ڕوون دەكاتەوە.
لە بەشی دووەمدا، نووسەر سەرنج دەخاتە سەر پایەكانی زەكات (زەكات دەر و زەكات پێدراو و زەكات لێ دەرهێنراو) و پاشان ئاماژە بە حوكمەكانیان دەدات.
سێیەم بەشی كتێبەكە، تایبەتە بەو سامانانەی كە زەكاتیان دەكەوێت و بە وردی باس لە هەر یەكێكیان دەكرێت، وەك (مەروماڵات و بەروبوومی كشتوكاڵی و زەویی بەكرێگیراو و زێڕ و كارگە.. هتد).
لە چوارەم بەشدا، نووسەر بە وردی باسی هەر یەكێك لەو لایەنانە دەكات كە زەكاتیان پێ دەشێت و لە قورئانی پیرۆزدا بە چەند وشەیەك ناسێنراون، وەك (المؤلفة قلوبهم، الغارمین علیها.. هتد).
د. عەلی قەرەداغی، كۆتا بەشی كتێبەكەی تایبەت كردووە بەو نوێكارییانەی كە پرسی زەكات دەگرنەوە و ئاماژە دەدات بە دەستەواژەكانی پرسی زەكات و زەكاتی كۆمپانیا و پشكەكان و مووچەی خانەنشینان و قەرز و سندوقی وەبەرهێنان. هەروەها ئەو نوێكارییانە دەردەخات كە لە خەرج كردنی زەكاتدا هەن، وەك زەكات بەخشین بە كەسایەتیی كاریگەر و میدیا ئیسلامییەكان و پڕۆژەی چاودێری كردنی تازە مسوڵمانبووەكان و زۆر بابەتی سەردەمیی تر.
كۆتا پەڕەكانی كتێبەكە، ڕێبەرێكی چڕ و پڕی هەڵگرتووە لەسەر چۆنیەتی هەڵسەنگاندنی زەكاتی كۆمپانیاكان، ئەویش بە پشت بەستن بە دوا بڕیار و فەتوای كۆنگرە و كۆبوونەوە جیهانییەكانی زانایانی ئیسلام.
وردەكاریی سەرەكی لەبارەی كتێبەكەوە، ئەمانە دەگرێتەوە:
زمانی كتێب: عەرەبی
نووسینی: عەلی محێدین قەرەداغی
ژمارەی لاپەڕە: 154
ساڵی بڵاوبوونەوە: 2024