كتێبەكە لە پێنج بەشی سەرەكی پێكهاتووە، كە بەشی یەكەمی كتێبەكە، ژیاننامە و ڕێچكەی زانستی و پیشەیی دكتۆر لەخۆدەگرێت، هەر لە سەرەتای هاتنە دونیاوە لە ئامێزی قەرەداغ، هەتا گەڕان و گەیشتنی بە وڵاتە جیاجیاكانی جیهان. ئەم بەشە جێ بۆ باسی تەواوی ئەرك و بەرپرسیارێتییەكانی ئەو بەڕێزە دەكاتەوە، لەگەڵ نووسین و توێژینەوەكانی بە زمانی عەرەبی؛ كە خۆی لە (100) توێژینەوە و (39) كتێب دەدات؛ وێڕای ئەو كتێبانەی وەرگێڕدراونەتە سەر زمانی شیرینی كوردی.
بەشی دووەم بە گشتی بریتییە لە ناساندنی هزر و دیدی د. عەلی قەرەداغی و ڕشتەبەندییە هزرییەكانی. بۆنمونە ڕێبازی د. عەلی لە چاكسازیی و چاكەكاریدا، هەروەها ڕێبازی هەڵێنجاندن و نوێگەری (الإجتهاد و التجدید). هاوكات ئەزموونی لەگەڵ فیقهی میزان و باسەكانی ئێمەی گەلی مسوڵمانان و ئەوانی گەلانی ڕۆژئاوا و پرسی ئافرەت و دیوكراسی لەنێوان شلگیری و پەڕگیری؛ دەكەوێتە بەر دیدی خوێنەر.
بەشی سێیەمدا، ڕۆڵی دكتۆر لە وەڵامدانەوەی گرووپ و كۆمەڵە توندڕەو و تەكفیرییەكان و هاوكات نیشاندانی میهر و بەزەیی ئایینی ئیسلام؛ دەخاتە ڕوو. وەك بەڕێزیان دەیسەلمێنن، ئیسلام سەرچاوەی ڕەحمەت و میهرەبانییە و بانگەشە بۆ میانڕەوی دەكات و توندوتیژی ڕەت دەكاتەوە، جا لە هەر شوێنێكەوە سەرچاوەی گرتبێت. وەك چۆن بابەتەكانی فیقهی گۆڕاو و نەگۆڕاوەكان و ئیرهاب و دیاردەی توندوتیژی، دەكەونە بەر باس.
بەشی چوارەمی كتێبەكە،لە لایەكەوە لە ڕابیتەی ئیسلامی كورد دەدوێت، كە ڕێكخراوێكی خێرخوازیی ئیسلامییە و دكتۆر عەلی دەستەی دەمەزرێنەرانیەتی و، چەند نمونەیەك لە كارە خێرخوازی و مرۆییەكانی ڕوون دەكاتەوە. بەهەمان شێوە لە هەڵوێستەكانی دكتۆر عەلی لەكاتی تەنگانە و هەڵوێستی بەرامبەر پرسی نەتەوەی كورد، دەدوێت.
بەشی پێنجەم بریتییە لە باس و خواسی دكتۆر عەلی قەرەداغی، لە دید و زاری بەرامابەرەكانیەوە، لە چالاكوانی سیاسییەوە، هەتا زانایانی ئایینی و بیرمەندان.
وردەكاریی سەرەكی لەبارەی كتێبەكەوە، ئەمانە دەگرێتەوە:
ئامادەكردن: دەزگای وەشان
وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی كوردی لەلایەن ئەبوبەكر پێنجوێنی
ژمارەی لاپەڕە: 331
ساڵی بڵاوبوونەوە: 2021
بۆ خوێندنەوەی كتێبەكە بە شێوەزاری سۆرانی، كرتە لێرە بكە
بۆ خوێندنەوەی كتێبەكە بە شێوەزاری كورمانجی، كرتە لێرە بكە