May 06 2025
ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە، ٦ی ئایاری ٢٠٢٥، لە شاری هەولێر، بەڕێز مامۆستا سەڵاحەدین محەممەد بەهائەدین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، پێشوازی لە شاندێکی باڵای یەکێتیی جیهانیی زانایانی مسوڵمان کرد بە سەرۆکایەتیی پڕۆفیسۆر دکتۆر عەلی قەرەداغی.
لە دیدارێکی گەرم و دۆستانەدا، هەردوولا بە وردی تیشکیان خستە سەر بارودۆخی گشتیی جیهانی ئیسلامی و ئەو گۆڕانکاری و پێشهاتە نوێیانەی کە ناوچەکە بەخۆیەوە دەیبینێت.
تەوەرێکی سەرەکیی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە پرۆسەی ئاشتی لە باکووری کوردستان. هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستیی پشتگیریکردنی ئەم هەنگاوە چارەنووسسازە و جەختیان کردەوە لە گرنگیی کارکردن بۆ سەرخستنی، تاوەکو ئاشتییەکی سەرتاسەری و پایەدار لە باکوور و سەرجەم ناوچەکانی دیکەی کوردستاندا بێتەدی.