Mar 16 2026

لەکاتی قەیراندا پڕوپاگەندەکان هەڕەشە لە سەقامگیری کۆمەڵگاکان دەکەن... زانایان (لەنێویاندا د. عەلی قەرەداغی) هۆشداری دەدەن.
ژمارەیەک لە بانگخواز و زانایانی موسڵمان، لە نێویان پ.د. عەلی قەرەداغی، داوایان کرد کە پێویستە لە کاتی مامەڵەکردن لەگەڵ هەواڵ و زانیارییەکان لە سەردەمی قەیرانەکاندا، خەڵکی هۆشیاری و بەرپرسیارێتی لەبەرچاو بگرن. جەختیشیان لەوە کردەوە کە وشە لە ئیسلامدا ئەمانەتە، هەروەها پەلەکردن لە گواستنەوەی هەواڵ یان بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە و دەنگۆکاندا، لەوانەیە ببێتە هۆی دروستبوونی دڵەڕاوکێ و تێکدانی سەقامگیریی کۆمەڵگاکان.
زانایان جەختیان لەوە کردەوە کە لە قۆناغی ئێستادا وا پێویستە موسڵمانان بڕێکی زیاتر لە حیکمەت و وریاییان هەبێت بەرامبەر بەو شتانەی بڵاودەکرێنەوە یان دەستاودەستی پێدەکرێت، هەروەها پابەندبن بە پرەنسیپەکانی قورئانەوە، بە دڵنیابوونەوە و گەڕاندنەوەی پرسەکان بۆ کەسانی پسپۆڕ، لەپێناو پاراستنی یەکڕیزی و سەقامگیریی کۆمەڵگا.
دڵنیابوونەوە (لێکۆڵینەوە) پێش گواستنەوەی هەواڵەکان
بەڕێز د. عەلی محێدین قەرەداغی، سەرۆکی یەکێتیی جیهانیی زانایانی موسڵمان و سەرۆکی ڕێکخراوی ڕابیتەی مرۆیی، ڕایگەیاند کە وشە لە ئیسلامدا بەرپرسیارێتییەکی گەورەیە و ئاماژەی بە فەرموودەیەکی پێغەمبەر (د.خ) کرد سەبارەت بە کاریگەریی قسەکردن لەسەر تیاچوون یان ڕزگاربوونی مرۆڤ.
وتیشی: "بنەما لە ئیسلامدا دڵنیابوونەوەیە پێش گواستنەوەی هەواڵەکان یان بڵاوکردنەوەیان"، وەک بەڵگە ئەم ئایەتەی قورئانی پیرۆزی هێنایەوە: ﴿يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا إِن جَاءَكُمْ فَاسِقٌ بِنَبَإٍ فَتَبَيَّنُوا أَن تُصِيبُوا قَوْمًا بِجَهَالَةٍ فَتُصْبِحُوا عَلَىٰ مَا فَعَلْتُمْ نَادِمِينَ﴾[الحجرات: 6]
هەروەها ڕوونی کردەوە کە قورئانی پیرۆز جیاوازی دەکات لە نێوان ڕێبازی بڕواداران و دووڕووەکاندا لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو هەواڵانەی پەیوەندییان بە ترس و ئاسایشەوە هەیە، جەختیشی لەوە کردەوە کە بڕواداری ڕاستەقینە خاوەنی حیکمەت و ژیرییە و پەله ناکات لە بڵاوکردنەوەی هەواڵەکان بەبێ هەڵسەنگاندنی دەرئەنجامەکانیان، بەتایبەتی لە هەلومەرجە هەستیارەکاندا.
ئاماژەی بەوەشدا کە شەریعەتی ئیسلامی پێوەری ئەخلاقی دادەنێت، وەک دڵخۆشنەبوون بە نەهامەتی کەسانی تر یان قۆستنەوەی کارەساتەکان بۆ دروستکردنی ئاژاوە، هەروەها ناکۆکییە فیکری یان سیاسییەکان نابنە بیانوو بۆ لادان لە بەهاکانی دادپەروەری و ویژدان.
پڕوپاگەندەکان هەڕەشە لە کۆمەڵگاکان دەکەن
بانگخواز ئەندازیار خالید ئەبوموزە، وتاربێژی هاوکار لە وەزارەتی ئەوقاف و ئەندامی یەکێتیی جیهانیی زانایانی موسڵمان، جەختی لەوە کردەوە کە بڵاوبوونەوەی پڕوپاگەندە لە کاتی قەیرانەکاندا بە یەکێک لە مەترسیدارترین ئاڵەنگارییەکان دادەنرێت بەهۆی کاریگەرییەکانی لەسەر تێکدانی ڕای گشتی و دروستکردنی دڵەڕاوکێ لەنێو خەڵکدا.
داواشی کرد کە گوێ لەو پڕوپاگەندانە نەگیرێت و بڵاونەکرێنەوە، ئاماژەی بەوەش کرد کە ئیسلام جەختی لەسەر مەترسیی وشە کردووەتەوە بەهۆی ئەو ئاڵۆزی و تێکدانەی کە دەتوانێت لە کۆمەڵگادا دروستی بکات، سەرباری لێپرسینەوەی یاساییش لە کاتی بەئەنقەست بڵاوکردنەوەی هەواڵی چەواشەکارانە.
ئەبوموزە ئاماژەی بەوەشدا کە لە ئان و ساتی قەیرانەکاندا پێویست دەکات بگەڕێینەوە بۆ پەڕتووکی خودا و سوننەتی پێغەمبەرەکەی (د.خ)، چونکە ئەوە ئەو پێوەرەیە کە خەڵک بەرەو ئارامی و دڵنیایی ڕێنمایی دەکات.
وەک بەڵگەش ئایەتگەلێکی لە قورئان هێنایەوە کە جەخت لەسەر متمانەبوون بە خودا و ئارامگرتن لە کاتی سەختییەکاندا دەکەنەوە، وەک: ﴿الَّذِينَ قَالَ لَهُمُ النَّاسُ إِنَّ النَّاسَ قَدْ جَمَعُوا لَكُمْ فَاخْشَوْهُمْ فَزَادَهُمْ إِيمَانًا وَقَالُوا حَسْبُنَا اللَّهُ وَنِعْمَ الْوَكِيلُ﴾ [سورة آل عمران: 173].
هەروەها ئایەتی: ﴿قُل لَّن يُصِيبَنَا إِلَّا مَا كَتَبَ اللَّهُ لَنَا هُوَ مَوْلَانَا ۚ وَعَلَى اللَّهِ فَلْيَتَوَكَّلِ الْمُؤْمِنُونَ﴾ [التوبة: 51].
پڕوپاگەندە چەکی دووڕووەکانە
بانگخواز د. جەعفەر تەڵحاوی، ئەندامی یەکێتیی جیهانیی زانایانی موسڵمان، ئاماژەی بەوە کرد کە پڕوپاگەندەکان وەک پەتایەکی کوشندە وان، ئامرازن بۆ لێکترازان و چاندنی ترس و جەنگێکی ڕاگەیاندنی شاراوەیە کە دوژمنانی کۆمەڵگا هەڵیدەگیرسێنن.
وتیشی کە لەوانەیە نامە، وێنە و وتارە ساختەکان ببنە هۆی کارەساتی ڕاستەقینە و ئاسایشی دەروونی کۆمەڵگا تێکبدەن، بۆ ئەمەش فەرموودەیەکی پێغەمبەری (د.خ) هێنایەوە: «إن العبد ليتكلم بالكلمة ما يتبين فيها يزل بها إلى النار أبعد مما بين المشرق والمغرب» (واتە: بێگومان بەندە قسەیەک دەکات و لێی دڵنیا نییە، بەهۆی ئەو قسەیەوە فڕێدەدرێتە ناو ئاگرەوە بە دوورییەکی دوورتر لە نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوادا).
ڕوونیشیکردەوە کە هەڵوێستی موسڵمان بەرامبەر پڕوپاگەندەکان لەسەر بنەمای دڵنیابوونەوە و لێکۆڵینەوەیە پێش باوەڕپێکردنیان یان گواستنەوەیان، ئەوەش وەک جێبەجێکردنێکی فەرمایشتی خوای گەورە: ﴿يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا إِن جَاءَكُمْ فَاسِقٌ بِنَبَإٍ فَتَبَيَّنُوا..﴾[الحجرات: 6].
لە کۆتاییدا جەختی لەوە کردەوە کە ئیسلام بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندەی حەرام کردووە بەهۆی ئەوەی دەبێتە هۆی دروستبوونی فیتنە و لێکترازانی کۆمەڵگا، داوای لە موسڵمانانیش کرد کە گومانی باشیان هەبێت و پرسەکان بگەڕێننەوە بۆ کەسانی شارەزا و زانا و خۆیان بپارێزن لە قسەکردن لەسەر شتێک کە زانیارییان لەسەری نییە.