Sep 26 2023
بە دڵێکی پڕ لە خەم و ڕازی بە قەزا و قەدەری خوداوە، پڕۆفیسۆر دکتۆر عەلی محێدین قەرەداغی سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی گەلی عێراق و بە تایبەت کەسوکاری قوربانیانی کارەساتە دڵتەزێنەکەی ئاهەنگی هاوسەرگیری شارۆچکەی حەمدانییە دەکات.
لە بەیاننامەیەکدا پ.د. قەرەداغی ڕایگەیاند: "پاش بیستنی ئەو هەواڵە ئازاربەخش و خوێن لە دڵهێنە، پرسە و سەرەخۆشی خۆم ئاراستەی خەڵکی عێراق و کەسوکاری قوربانیانی زەماوەندەکەی شارۆچکەی حەمدانییە دەکەم."
ناوبراو وتیشی: "ئەم کارەساتە دڵتەزێنەی کە بووەتە هۆی گیان لەدەستدانی چەندین کەسی بێ گوناهـ و برینداربوونی چەندانی تر، وامان لێ دەکات ئێمەش لەناویدا بژین و هەست بە ئازارەکانیان بکەین."
پ.د. قەرەداغی داوای لە خوای گەورە کرد کە قوربانییان بە ڕەحمەتی خۆی شاد بکات و لەم دۆخە سەختەدا خۆڕاگری و ئارامی بە کەسوکاریان ببەخشێت.
هەروەها هیواشی خواست کە "دەسەڵاتدارە عێراقییەکان بە پەلە و چالاکانە بجوڵێن بۆ دۆزینەوەی هۆکارەکانی ئەم ڕووداوە ئازاربەخشە و کار بکەن بۆ چاکترکردنی یاساکانی خۆپارێزی، لە پێناو ڕێگری کردن لە دووبارە ڕوودانەوەی کارەساتی هاوشێوە لە داهاتوودا."
لە کۆتایی بەیاننامەکەیدا، پ.د. عەلی محێدین قەرەداغی جەختی لە هاودڵی خۆی لەگەڵ گەلی عێراق کردەوە و وتی: "من لەم ساتە دژوارەدا، دڵم هاودڵی عێراق و دانیشتوانەکەیەتی و هیچ ناڵێین جگە لە شتانێک کە خوا پێی ڕازییە. خوای گەورە بیانخاتە بەر بەزەیی بەرینی خۆی."