لە كۆلیژی زانستە ئیسلامییەكانی هەرێمی كوردستان، تێزێكی دكتۆرا مشتومڕ كرا بە ناونیشانی (الإجتهاد المقاصدي عند الشيخ على القره داغى و تطبيقاته الفقهية المعاصرة)

Jul 18 2023

لە كۆلیژی زانستە ئیسلامییەكانی هەرێمی كوردستان، تێزێكی دكتۆرا مشتومڕ كرا بە ناونیشانی (الإجتهاد المقاصدي عند الشيخ على القره داغى و تطبيقاته الفقهية المعاصرة)

ڕۆژی سێشەممە ڕێكەوتی 18/7/ 2023 لە هۆڵی صەلاحەدین لە كۆلیژی زانستە ئیسلامییەكان -بەشی فیقه و بنەماكانی- مشتومڕ كرا لەسەر تێزی دكتۆرای قوتابی (عیماد عەبدوالله موحەممەد)، دەربارەی تێزەكەی بەناوی (الإجتهاد المقاصدي عند الشيخ على القره داغى و تطبيقاته الفقهية المعاصرة)، بە سەرپەرشتی پرۆفیسۆر د. عوسمان خزەیر مزعل، گرنگی بابەتەكە لەو زانیارییە دایە كە دەقەكانی قورئان و سوننەت سەرچاوەی دەوڵەمەند و تێروتەسەلی ئەو فیقهەن، ئەو ڕووناكییەن كە هاتووە بۆ بەختەوەربوونی مرۆڤایەتی لە دنیاو قیامەتدا، بەڵام ئەو دەقانە پێویستییان بە سەرنجدان و تێڕامان و وردبوونەوەیە، تا تێگەیشتن لە واتاكانیان بكرێ‌ و هەڵێنجان بۆ حوكمە شەرعییەكانیان بكرێ‌، هەروەها چۆنێتی دابەزاندنیان لەسەر واقیع و ڕووداوەكان، كە ئەوەش دەخوازێ‌ ئیجتیهاد بۆ هەموو حاڵەت و بارودۆخەكانی ئەو پرس و ڕووداوانە بكرێ‌ كە تازە دەكەونەڕوو، هەر بۆیە دەبێت كەسی موجتەهید تەواوی هەوڵ و توانای خۆی بخاتەگەڕ، بۆ پەیبردن بە حوكمە شەرعییەكان، یان بۆ چۆنێتی دابەزاندنیان بەو ئاراستەیە كە پێیوایە مەبەست و ئامانجی شەرع جێبەجێ‌ دەبێت، لێرەوە ئیجتیهادی مەبەستدار لە سەرووی هەموو ئیجتهادێكی ترەوە گرنگەو دێتەناو بابەتەكە، توێژینەوەكە ئامانجی ئەوەیە ئاراستە دەقیی و باتینییەكان بخاتەڕوو تا هەڵسوكەوت لەگەڵ دەقەكاندا بكات، هەردووكیشیان چەكوشی ڕوخێنەرن بۆ شەریعەت، یەكەمیان لە ڕێگای چڕبوونەوەی لەسەر خوێندنەوەی سەرزارەكی و ڕواڵەتی دقەكە لە ڕووی تێگەیشتن و دابەزاندنییەوە، كە ئەمە بووە هۆی ئەوە خەڵكی بكەونە ناو سەغڵەتی و ناڕەحەتییەوە، دووەمیش لە ڕێگای خوێندنەوەی باتینییەوە كە لە گرنگیدان بە ماناكاندا دەردەكەوێ‌، ئەویش لە ژێر جۆرەها ناوی وەك نوێگەریی و مۆدێرنەو گۆڕانكاریی، كە لە ڕاستیدا كاردەكەن لەسەر لێدان لە پرەنسیپ و ڕێساكانی زانستی ئوسوڵی فیقه، قوتابی (عیماد عەبدوالله موحەممەد) بەم چەند دەرئەنجامەی لای خوارەوە كۆتایی بە توێژینەوەكەی هێناوە:

1- لە ڕاستیدا ئیجتیهادكردن بە چەمكە فراوانەكەی و بە مانا گشتییەكەی هەموو جۆرەكانی هەڵێنجان بۆ دەقی شەرعی دەگرێتەوە، ئیتر تێگەیشتن بێت یان مانا یان هۆكار یان دەرهێنان یان بەهێزكردن یان دابەزاندن بێت چوونیەكە.

2- چەمكی مەبەستداریی لای مامۆستا قەرەداغی لەو چەمكە گشتگیرتر و فراوانترە كە لای كەسە هاوچەرخەكانی تر هەیە، ئەو پێیوایە كە مەبەستەكان، واتە ئەو مانا و حوكم و ئامانجانە كە خوای گەورە لە تەشریع و لە بەدیهێنان و لە پێكهێناندا مەبەستی بووە.

3- بێگومان مەبەستە خواییەكان كە لە قورئانی پیرۆزدا باسكراون و سوننەتی پێغەمبەر (صلی اللە علیە وسلم) بە تێروتەسەلی باسیكردوون، یەك ڕشتەبەندی پێكەوەبەستراون و بەش بەش ناكرێن، قەتیس نەكراون تەنها لەسەر مەبەستەكانی تەشریعی حوكمە شەرعییەكان، بەڵكو ئەو سنورە تێدەپەڕێنن تا مەبەستەكانی بەدیهێنان و پێكهێنان بگرنەوە -بە تایبەتی مەبەستەكانی بەدیهێنانی گەردوون و بەدیهێنانی مرۆڤ-، هەروەها مەبەستە گشتی و تایبەت و بەشییەكانی تەشریع، هەروەها مەبەستی ئەرك پێسپێردراوان، ئینجا فیقهی سەرئەنجام و بیانووەكان، كە ئەمەی ناوناوە (المنظومة المقاصدية، أو البعد المقاصدي).

4- لە ڕاستیدا ئیجتیهاد هەتا لە ڕێگای ئەو ڕشتەبەندییە مەبەستدارەوە تێگەیشتنی بۆ نەكرێ‌، ناتوانێ‌ ئامانجەكانی خۆی لە بونیاتنان و چاكسازیی و گۆڕانكاریی دەستەبەر بكات، چونكە مەبەستەكانی تەشریعی حوكمە شەرعییەكان بە تەنها بەس نین بۆ ڕێكخستن و توندوتۆڵكردنی ئیجتیهاد و فەتوا.

5- لەم توێژینەوەیەدا دەركەوت كە مامۆستا قەرەداغی پێی وانییە مەسەلە زەرورەكان تەنها لەو پێنج مەبەستە هەمووەكییەدا سنوردار بكات كە باسكراون، بەڵكو هاتووە مەبەستی پاراستنی ناموس و ئاسایشی كۆمەڵگا و كۆمەڵی خستووەتە سەریان، هەروەها ئاسایشی دەوڵەتی شەرعی تا ببنە هەشت مەبەستی هەمووەكی، هەروەها وادەبینێ‌ كە مەرجی بە هەندگرتنی هەر مەبەستێك لە مەبەستەكان بەوەی زەرورییە یان هەمووەكییە ئەوا بە لەدەستدان و تێكچوونی ئەو مەبەستە سیستمی ژیان تێكدەدات، خوای گەورەش لەسەر كارپێنەكردن و تێكدانی هەر مەبەستێك سزای شەرعی و تۆڵەسەندنەوەی داناوە.

6- ئەو فەتوایانە كە تایبەتن بە مەسەلە بەشییەكان و ئیجتیهادكردن تیایاندا بەجیا لە ڕەچاوكردنی مەبەستەكان بە چەمكە گشتییەكەی دەبێتە هۆی دابڕان و جیابوونەوە لە نێوان ئەو حوكمە شەرعییانەی كە دەربارەی چالاكی مرۆڤ و نێوان مەبەستەكانی بەدیهێنان و دروستكردنی هەمووی گەردوون دەرچوون.

7- ئیجتیهادی مەبەستدار لەسەر ڕەچاوكردنی بەڵگە هەمووەكی و بەشییەكان و لەسەر مەبەستەكانی شەریعەت بەرپا دەبێت، بێئەوەی قوربانی بدرێ‌ بە هیچ یەك لەوان لەسەر حیسابی ئەویتریان، ئەوەش بەپێی میزانێكی ورد كە هەردووكیان كۆبكاتەوە، یان بێت لایەنێكیان بەهێزتر بكات بەسەر لایەنەكەی تردا.