لە ڕێوڕەسمێکی تایبەتدا ناساندن و واژۆکردنی کتێبی "ژینگە دایکمانە" بەڕێوەچوو.

May 16 2023

لە ڕێوڕەسمێکی تایبەتدا و بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە نووسەران، نوێنەرانی ڕێکخراوەکانی تایبەت بە ژینگە و کەسایەتییە سیاسی و زانستییەكانی هەرێمی كوردستان، هەروەها بە ئامادەبوونی خودی نووسەر، ناساندن و واژۆکردنی کتێبی "ژینگە دایکمانە" بەڕێوەچوو.

کتێبەکە لە نووسینی دکتۆر عەلی قەرەداغییە و لەلایەن بەڕێز محەمەد محەمەد میرزاوە وەرگێڕانی بۆ کراوە و بەشێكی لە زنجیرە كتێبی فیقهی میزان كە پ.د. عەلی قەرەداغی ماوەیەكی زۆرە دەستی داوەتە نووسینیان و تا ئێستا چەند ژمارەیەكی لەو زنجیرەیە بڵاو كردۆتەوە و هەندێكیشیان وەرگێڕدراون بۆ زمانی شیرینی كوردی.

كتێبی (ژینگە دایكمانە) یەكێكە لەو زنجیرە كتێبانەی كە پ. د. عەلی قەرەداغی لە میانەی توێژینەوەی چەند ساڵەی لەسەر فیقهی میزان، نووسیوێتی. ئەم كتێبەشی هەر بەپێی فیقهی میزان و گەشەپێدانی گشتی و گەشەی ئابووری نووسیوە، ئەمە لەپاڵ هێنانی هەندێ لە ڕێنماییە جیهانی و هەرێمییەكان بۆ پرسی ژینگە.

نووسەر لە تێڕوانینی ئیسلامەوە باس لە ژینگە دەكات، ئەویش بەپێی بنەما ئەخلاقی و مەبەستە گشتییەكانی، پاشان ڕۆڵیان لە جێبەجێ كردنی ئەو هاوسەنگییە ژینگەییەی بەئامانج گیراوە.

لە بەرایی كتێبەكەدا، نووسەر فیقهی میزان و ڕەگەزە سەرەكییەكانی دەناسێنێت لە پاراستنی ژینگەدا، پاشان كتێبەكەی دابەش دەكات بەسەر حەوت بەشی سەرەكی و كۆتاییەكدا.

لە بەشی یەكەمدا باس لە چییەتی ژینگە دەكات، لەگەڵ بنەمادۆزی  بۆی لە قورئان و  سوننەت و بنەما گشتگیرەكاندا. لە بەشی دووەمدا سەرنج دەخاتە سەر پەیوەندیی نێوان مقاصد و ژینگە و چۆنیەتی بەجێ گەیاندنی هاوسەنگیی ژینگەیی خوازراو لەو ڕووەوە. لە بەشی سێیەمدا، نووسەر خوێنەر تێدەگەیەنێت كە چۆن ئیسلام لەڕێی بنەما و ڕێساكانیەوە، هاندەرە بۆ پاراستنی ژینگە و تێك نەدانی. چوارەم بەش لە بایەخدانی ئیسلام بە ڕووەك دەدوێت و چەندین ئایەت و فەرموودە دەكاتە نمونەی ئەو بایەخدانە. بەشی پێنجەم تایبەتە بە باسی ئیعجازی زانستی لە ڕووەكەكاندا. پاشان لە بەشی شەشەمدا ئەوە دەسەلمێنێت كە دەستەبەر كردنی هاوسەنگیی ژینگەیی، تاكە ڕێگا چارەیە بۆ مەترسییەكانی تێكچوونی ژینگە، هەر لەم بەشەدا ئاماژە بە هەندێ لە هۆیەكانی تێكچوونی ژینگە دەدات. لە بەشی حەوتەم و كۆتا بەشدا، نووسەر بابەتەكانی تایبەت دەكات بە ئابووریی بازنەیی و پەیوەندیی بە ژینگەوە، ئەویش سەرەتا بە ناساندن و پێناسەكردنی ئابووری بازنەیی و خستنە ڕووی مێژوو و ئامانجەكانی.

لە كۆتاییدا، د. عەلی یاسای پاراستنی ژینگەی وڵاتی قەطەری كردووە بە پاشكۆی بابەتەكانی، وەك نمونەیەكی باڵا بۆ یاسای ڕێكخراو و لەپێناو چاو لێكردنی.

شایەنی باسە لە میانەی ڕێوڕەسمەکەدا، ئامادەبووان پێشنیاز و تێبینییەکانی خۆیان لەسەر کتێبەکە و پرسی ژینگە خستەڕوو. هەروەها لە کۆتاییی بۆنەکەدا، نووسەر کتێبەکەی بۆ ئامادەبووان واژۆ کرد و سەرجەم ڕێکخراوە بەشداربووەکان و کەسایەتییەکان کتێبەکەیان وەک دیاری پێ بەخشرا.