بە سەرۆکایەتیی پ.د. عەلی قەرەداغی، کۆنفرانسی جیهانیی "غەززە بەرپرسیارێتییەکی ئیسلامی و مرۆییە" دەستیپێکرد

Aug 23 2025

بە سەرۆکایەتیی پ.د. عەلی قەرەداغی، کۆنفرانسی جیهانیی "غەززە بەرپرسیارێتییەکی ئیسلامی و مرۆییە" دەستیپێکرد

ئیستەنبوڵ - بەیانیی ئەمڕۆ، چالاکییەکانی کۆنفرانسی جیهانیی زانایان لەژێر ناونیشانی "غەززە بەرپرسیارێتییەکی ئیسلامی و مرۆییە" دەستیپێکرد. لە دانیشتنی کردنەوەی کۆنفرانسەکەدا، سەرکردایەتیی باڵای یەکێتیی جیهانیی زانایانی موسڵمان لەسەر سەکۆی سەرەکی ئامادەبوون، لە پێش هەموویانەوە سەرۆکی یەکێتی و سەرۆکی کۆنفرانسەکە، پڕۆفیسۆر دکتۆر عەلی قەرەداغی، لەگەڵ جێگرەکەی شێخ محەمەد حەسەن وەلەد دەدۆ، و ئەمینداری گشتی دکتۆر عەلی محەمەد سەڵابی، و سەرۆکی لیژنەی قودس و فەڵەستین دکتۆر مەروان ئەبو ڕاس.

هەروەها، لە دانیشتنی کردنەوەکەدا، سەرکردایەتیی "دامەزراوەی زانایانی وەقفی ئیسلامی تورکی" و وەزیری کاروباری ئایینیی کۆماری تورکیا، بەڕێز دکتۆر عەلی ئەرباش بەشدار بوون.

وتاربێژان لە وتارەکانیاندا بەکۆمەڵ جەختیان لەسەر گرنگیی ئەم کۆنفرانسە کردەوە، چ لە ڕووی هەستیاریی کاتەکەیەوە، چ لە ڕووی ئاستبەرزیی ئامادەبووانەوە. هەروەها ئاماژەیان بەو بڕیارە گرنگ و چاوەڕوانکراوانە کرد کە لە کۆنفرانسەکەوە دەردەچن و لەلایەن لیژنەیەکی تایبەتەوە بەدواداچوونی وردیان بۆ دەکرێت.

ئاماژە بەوەش کرا کە لە میانەی ١٨ وۆرکشۆپی تایبەتمەنددا، بیرۆکە و بەرنامەی کرداریی گونجاو دادەڕێژرێت بۆ چارەسەرکردنی ڕێگا جۆراوجۆرەكانی پشتیوانیکردنی گەلەکەمان لە غەززە و دۆزی فەڵەستین.

لەم سۆنگەیەوە، بانگەواز لە جەماوەری ئوممەتی ئیسلامی دەکەین کە بە شێوەیەکی جیددی مامەڵە لەگەڵ ئەم کۆنفرانسە و دەرەنجامەکانیدا بکەن، وەک بەجێگەیاندنی ئەرکێکی شەرعی و مرۆیی بیبینن لەپێناو سەرخستنی خوشک و برا خۆڕاگرەکانمان لە غەززە.