Feb 06 2023
لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا، یەکێتیی جیهانیی زانایانی موسڵمان هاوخەمیی قووڵی خۆی بۆ قوربانیانی زەمینلەرزە وێرانکەرەکەی تورکیا و سوریا دەربڕی و داوای لە وڵاتانی ئیسلامی و ڕێکخراوە خێرخوازییەکان کرد کە وەك "ئەرکێکی شەرعی"، بەپەلە فریاگوزاری بگەیەننە لێقەوماوان.
لە بەیاننامەکەدا کە ڕۆژی دووشەممە، ٦ی شوباتی ٢٠٢٣، لەلایەن ئەمینداری گشتی، پڕۆفیسۆر دکتۆر عەلی قەرەداغییەوە دەرچووە، هاتووە: "یەکێتی پرسە و سەرەخۆشی خۆی دەگەیەنێتە هەردوو گەلی لێقەوماوی تورکیا و سوریا، داوا لە پەروەردگار دەکات قوربانیان بخاتە بەر ڕەحمەتی بەرفراوانی زاتی خۆی و جێگایان بەهەشت بێت، هەروەها ئارامی بڕژێنێت بەسەر دڵی کەسوکارە زامدارەکانیاندا و شیفای خێراش بۆ بریندارەکان بنێرێت."
یەکێتیی جیهانیی زانایانی مسوڵمان بە توندی جەختی لەسەر ئەرکی شەرعیی موسڵمانان کردەوە بۆ بەهاناوەچوونی براکانیان و ڕایگەیاند: "داوا لە دەوڵەتە ئیسلامییەکان و دامەزراوە خێرخوازییە مرۆییەکان و کەسانی چاکەکار دەکەین هەستن بە ئەرکی شەرعیی سەرشانیان لە هاتن بە هانای ئەو لێقەوماوانە و دەستی هاوکاری و یارمەتییان پێشکەش بکەن، لە ڕێگای کۆکردنەوەی زەکات و خێر و بەخشینەوە."
وەك لە دەقی بەیاننامەكەدا هاتووە: "یەكێتی داوا لە دەوڵەتە ئیسلامییەكان و دامەزراوە خێرخوازی مرۆییەكان و كەسانی چاكەكار دەكات هەستن بە ئەركی شەرعیی سەرشانیان لە هاتن بە هانای ئەو لێقەوماوانە و دەستی هاوكاری و یارمەتیان بەشێوەی دەستەجەمعی پێشكەش بكەن، ئەوەش لە ڕێگای كۆكردنەوەی زەكات و خێر و بەخشین و هەر شتێكیترەوە كە دەبێتە مایەی كەمكردنەوەی مەینەتیان، خوای گەورە دەفەرموێ: (إِنَّمَا الْمُؤْمِنُونَ إِخْوَةٌ...)، پێغەمبەری خۆشەویستمان (صلی الله علیە وسلم) دەفەرموێ: ((مثل المؤمنين في توادهم وتراحمهم وتعاطفهم كمثل الجسد إذا أشتكى منه عضو تداعى له سائر الجسد بالسهر والحمى))".