Dec 12 2022
لە بەیاننامەیەکی تونددا، یەکێتیی جیهانیی زانایانی موسڵمان کردەوەی سوتاندنی نوسخەیەکی قورئانی پیرۆزی لە سوید، کە بە ڕەزامەندیی حکومەتی ئەو وڵاتە ئەنجام دراوە، بە "کارێکی ڕیسوا، شەرمەزاری و هەوڵێکی ترسنۆکانە" وەسف کرد و بە توندی ئیدانەی کرد.
یەکێتییەکە داوا لە حکومەتە ئیسلامییەکان دەکات کە "هەڵوێستێکی جیددی، یەکلاکەرەوە و بەهێز" نیشان بدەن بۆ بەرگریکردن لە پیرۆزییەکانی ئوممەت، بەتایبەت قورئانی پیرۆز. لەم چوارچێوەیەدا، داوای کرد باڵیۆزانی سوید لە وڵاتە ئیسلامییەکان بانگهێشت بکرێن و فشاریان بخرێتەسەر تا سوید بە فەرمی داوای لێبوردن بکات و ڕێکاری پێویست بۆ ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەم کارە قێزەونە بگرێتەبەر.
هاوکات، یەکێتییەکە ستایشی هەڵوێستی ئازایانەی ئەو وڵاتە عەرەبی و ئیسلامییانەی کرد کە ڕێکاری گونجاویان گرتووەتەبەر و ئەم کردەوەیەیان ڕیسوا کردووە.
لە بەیاننامەکەدا، کە واژۆی سەرۆکی یەکێتییەکە د. حەبیب سالم سەقاف جفری و ئەمینداری گشتی پ.د. عەلی قەرەداغی لەسەرە، هاتووە: "ئەو هەوڵە ترسنۆکانە هیچ لە مەزنیی قورئانی پیرۆز کەمناکاتەوە، بەڵکو تەنها بەرئەنجامی ڕق و کینەیەکی شاردراوەیە لە ناخی چەند تاکێکی نەخۆشدا."
یەکێتییەکە هۆشداریی توندیش دەدات لە لێکەوتە کارەساتبارەکانی ئەم جۆرە هەڵسوکەوتانە بۆ سەر پێکەوەژیان، فرەکولتوری و مافەکانی مرۆڤ، و مێژووی دوو جەنگە جیهانییەکەی ئەوروپای بەبیرهێنایەوە کە بەهۆی دەمارگیری و خۆ بەزلزانییەوە هەڵگیرسان.