May 05 2025
ئێوارەی دووشەممە، ٥ی ئایاری ٢٠٢٥، لە دیدارێکی تایبەت و شکۆداردا، مەڵبەندی سلێمانی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، میوانداریی بەڕێز پرۆفیسۆر دکتۆر عەلی قەرەداغی، سەرۆکی یەکێتیی جیهانیی زانایانی موسڵمان و سەرۆکی ڕێکخراوی ڕابیتەی مرۆیی کوردی؛ کرد، کە ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەندامان و لایەنگرانی یەکگرتوو لە سنوری سلێمانی ئامادەی بوون.
لە وتەیەکیدا، پرۆفیسۆر دکتۆر قەرەداغی تیشکی خستە سەر بارودۆخی هەنووکەیی گەلانی موسوڵمان و ئەو ئاڵنگارییە گەورانەی کە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە. هاوکات، ئاماژەی بە هەوڵە بەردەوامەکانی کرد بۆ خزمەتکردنی گەلی کورد و پاڵپشتیکردنی پرۆسەی ئاشتی لە باکووری کوردستان و پشتیوانیکردنی دۆزی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان.
لە بەشێکی سەرەکیی دیدارەکەدا، مەڵبەندی سلێمانی یەکگرتوو، خەڵاتی ڕێزلێنانی بەخشییە زانای ناودار، پرۆفیسۆر دکتۆر عەلی قەرەداغی. ئەم ڕێزلێنانە لە پای خەبات و هەوڵە بێوچانەکانی بەڕێزیان بوو لە بوارەکانی زانست و کاری خێرخوازی، هەروەها وەک پێزانینێک بۆ خزمەتە مەزنەکانی بە دۆزی گەلانی موسوڵمان لە سەرانسەری جیهان و بەتایبەتی گەلی فەڵەستین لە غەززە، شانبەشانی خزمەتکردن بە دۆزی ڕەوای گەلی کورد.
لە کۆتاییدا جەخت لەوە كرایەوە كە هەڵوێست و کاریگەرییەکانی لەسەر ئاستی ناوەندە جیهانی و نێودەوڵەتییەکانی بڕیاردان، بووەتە مایەی شانازییەکی گەورە بۆ سەرجەم ئیسلامخوازانی گەلان و كوردستان.