Aug 18 2022
لە چوارچێوەی کارە بەردەوامە زانستی و دیپلۆماسییەکانیدا، زانای ناوداری جیهانی ئیسلام، جەنابی پڕۆفیسۆر دکتۆر عەلی قەرەداغی، ئەمینداری گشتیی یەکێتیی جیهانیی زانایانی موسڵمان، لەسەر بانگهێشتنامەێکی فەرمی، ڕۆژی شەممە ٢٤ی ئەیلوولی ٢٠٢٢، گەیشتە کوالالەمپوری پایتەختی مالیزیا.
ئەم سەردانە گرنگە لەسەر داوای فەرمیی زانکۆی نێودەوڵەتیی ئیسلامی لە مالیزیا و چەندین دامەزراوەی پێشەنگی بواری گەشەپێدانە، کە تێیدا بەڕێزیان دوو وتاری زانستیی گرنگ پێشکەش دەکات.
تەوەری یەکەمی وتارەکانی تایبەتە بە "گەشەپێدان و دامەزراوەکانی"، کە تێیدا تیشک دەخاتە سەر تێڕوانینە داهێنەرانەکەی بەڕێزیان بۆ دامەزراوەکانی ناسراو بە (کافی). ئەم مۆدێلە شەش دامەزراوەی ئابووریی ئیسلامی لەخۆدەگرێت (قەرزی حەسەنە، زەکات، سندوقی پاراستن، سندوقی وەبەرهێنان، مایکرۆفاینانس، وەقف)، کە پێکەوە تۆڕێکی بەهێزی تەواوکاری بۆ گەشەپێدانی گشتگیر پێکدەهێنن.
تەوەری دووەمیش لەژێر ناونیشانی "مەبەستەکانی شەریعەتی ئیسلامی لە گەشەپێداندا" دەبێت، کە بە قووڵی باس لە ڕۆڵی بنەڕەتیی دامەزراوەکانی وەقف و زەکات دەکات لە بووژاندنەوەی ئابووری و کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگەدا.
جگە لە لایەنە زانستییەکە، کارنامەی سەردانەکەی ئەمینداری گشتی چەندین دیداری دیپلۆماسیی ئاستبەرزی لەخۆگرتووە، لەوانەش کۆبوونەوە لەگەڵ گەورە بەرپرسانی وڵاتی مالیزیا و لە سەرووی هەموویانەوە، دیدار لەگەڵ جەنابی پادشای مالیزیا.