May 04 2025
ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە، ٤ی ئایاری ٢٠٢٥، لە شاری سلێمانی، بەڕێز قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، پێشوازیکرد لە زانای ناوداری جیهانی ئیسلامی، بەڕێز پرۆفیسۆر دکتۆر عەلی قەرەداغی، سەرۆکی یەکێتیی جیهانیی زانایانی موسڵمان. لەم دیدارەدا، کە هەریەک لە بەڕێزان دکتۆر مەریوان ئەحمەد ڕەشید، سەرۆکی زانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی، و ئەندازیار حسێن نجم الدین ڕەسوڵ، سەرۆکی ئەنجومەنی کارگێڕی ڕێکخراوی ڕابیتەی مرۆیی؛ ئامادەیبوون، گفتوگۆیەکی هەمەلایەنە دەربارەی دۆخی سیاسی عێراق، هەرێمی کوردستان و ناوچەکە ئەنجامدرا.
لە میانی کۆبوونەوەکەدا، جەخت لە گرنگی یەکڕیزی و یەکگرتوویی گوتاری سیاسی لایەنە کوردستانییەکان کرایەوە، بەتایبەتی لەبەرامبەر ئەو پێشهات و گۆڕانکارییە چاوەڕوانکراوانەی کە لە ناوچەکەدا دێنە ئاراوە.
لەتەوەرێکی دیکەی دیدارەکەدا، پرۆفیسۆر دکتۆر عەلی قەرەداغی، بە ڕێز و پێزانینەوە ئاماژەی بە ڕۆڵ و پێگەی مێژوویی و دیاری خوالێخۆشبوو جەنابی مام جەلال کرد لە گۆڕەپانی سیاسی عێراق، هەرێمی کوردستان و مێژووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کورد.
پ.د. عەلی قەرەداغی ڕوونیکردەوە کە جەنابی مام جەلال هەمیشە پشتیوانێکی گەورەی سەرجەم ڕێکخراو و لایەنە سیاسییەکان بووە، بێ لەبەرچاوگرتنی جیاوازییە ئایدیۆلۆژی و فیکرییەکان.
لەلایەن خۆیەوە، بەڕێز جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، ڕۆڵی بەرچاوی سەرۆکی یەکێتیی جیهانیی زانایانی موسڵمانی لە خزمەتکردنی جیهانی ئیسلامی و بەتایبەتیش گەلی کورد، بەرز نرخاند.
ناوبراو هیوای خواست کە پڕۆفیسۆر دکتۆر قەرەداغی ڕۆڵێکی کاریگەرتر لە چارەسەرکردنی کێشەکانی ڕۆژئاوا و باکووری کوردستان بگێڕێت و بەردەوام بێت لە هەوڵەکانی بۆ چەسپاندنی ئاشتی و پێکەوەژیان.