حوكمی خەرج كردنی زەكات لە دامەزراوە بانگخوازییەكاندا

Aug 08 2025

پرسیار:

تا چەند دروستە پارەی زەكات خەرج بكرێت لە كڕینی شوێنێك بۆ بونیادنان یان نۆژەن كردنەوەی دەزگای بانگخوازی، كە لە بەرژەوەندیی گشتیی مسوڵمانانی وڵاتەكەدایە؟

 

وەڵام:

سوپاس و ستایش بۆ پەروەرێنی جیهانییان، سەڵات و سەلام لەسەر ئەو پەیامبەرەی وەك ڕەحمەت بۆ جیهانییان ڕەوانە كرا، هەروەها لەسەر خانەوادە و هاوەڵانی بە گشتی؛ دواتر..

گومانی تێدا نییە كە خودای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا ئەو شتانەی دیاری كردووە كە زەكاتی تیادا خەرج دەكرێت. خودا خەرج كردنی زەكاتی لە هەشت شتدا قەتیس كردووە، ئەویش بەپێی فەرمایشتی: (إِنَّمَا الصَّدَقَاتُ لِلْفُقَرَاءِ وَالْمَسَاكِينِ وَالْعَامِلِينَ عَلَيْهَا وَالْمُؤَلَّفَةِ قُلُوبُهُمْ وَفِي الرِّقَابِ وَالْغَارِمِينَ وَفِي سَبِيلِ اللَّهِ وَابْنِ السَّبِيلِ فَرِيضَةً مِنَ اللَّهِ وَاللَّهُ عَلِيمٌ حَكِيمٌ) (سورة التوبة: 60).

 

ئەوەی پەیوەندی بە بابەتی پرسیارەكەوەیە هەیە، خەرج كردنی زەكاتە لەڕێگای خودادا (في سبيل الله). لەم ڕووەشەوە سێ بۆچوون هەیە:

بۆچوونی یەكەم: فراوانكردنی بازنەكەیەتی تا هەموو كاروبارە خێرەكان بگرێتەوە، هەربۆیە تەواوی خەرجییەكانی تر كە باسكراوە، یان دووبارەن یان نزیكن لێیەوە. ئەم بۆچوونەش بەپێی چەند بەڵگەیەك لاوازە، گرنگترینیان: فەرمایشتی خودای گەوەرە لەئاست خەرجییەكان ڕوونە و ناكرێت واتاكەی هێندە فراوان بێت كە تەواوی خەرجییەكانی تریش بگرێتەوە، ئەگەرنا دووبارەیە؛ ئیعجازی قورئانی پیرۆزیش لە كەم كردن و زیاد كردنی تەنانەت یەك پیتیشیدا دەركەوتووە. بگرە فەرموودەكان جەخت لەوە دەكەنەوە كە (وَفِي سَبِيلِ اللَّهِ) جیهاد و تێكۆشانە لەپێناو خودای گەورە؛ ئەوەتا پێغەمبەر (دروودی خودای لەسەربێت) دەفەرموێت: (لغدوة في سبيل الله أو روحة خير من الدنيا وما فيها).

بۆچوونی دووەم: پێچەوانەی بۆچوونی یەكەمە و بازنەی (وَفِي سَبِيلِ اللَّهِ) بەرتەسك دەكاتەوە بۆ شەڕكردن لەپێناو خودا. ئەم بۆچوونەش بەهەمان شێوە لاوازە، چونكە هیچ بەڵگەیەكی بەهێز بۆ ئەو بەرتەسك كردنەوەیە نییە. دەستەواژەی (جیهاد) و موشتەقاتەكانی، لەڕووی زمانەوانی و واتاشەوە، گشتگیرترن لە دەستەواژەی (القتال) و موشتەقاتەكانی. هەروەك لە خوارەوە ئاماژەی پێ دەكەین.

بۆچوونی سێیەم لە هەموویان بەهێزترە و  دادوەری نێوەندگیرە، كە (وَفِي سَبِيلِ اللَّهِ) وا ڕاڤە دەكات جیهاد و تێكۆشانە لەڕێی خودادا. ئاشكرایە جیهاد و تێكۆشان لەڕێی خوادا، هەموو هەوڵ و كۆششێك دەگرێتەوە كە لەپێناو خودادا ئەنجام دەدرێت، بە هێزی سەربازی و هێزی بانگخوازی و ڕاگەیاندن و گەیاندنەوە. بگرە خودای گەورە جیهادی ڕاگەیاندن و گەیاندنی لەپێناو خودادا بە جیهادی گەورە ناوزەد كردووە، فەرموویەتی: (وَجَاهِدْهُم بِهِ جِهَاداً كَبِيراً) (سورة الفرقان : الآية 52). ئەم ئایەتە لە سەردەمی مەككەدا دابەزیوە كە ئەوكاتە هیچ جەنگێك لەئارادا نەبووە و بەڵگەیە لەسەر گەورەیی حەقبێژی و گەیاندنی بانگەواز و بڵاوكردنەوەی قورئان. بگرە لە قورئانی پیرۆزدا لە هیچ شوێنێكی تردا نابینین جیهاد بە گەورە ناوزەد كرابێت، تەنها لەم ئایەتەدا نەبێت كە بەڵگەیە لەسەر گرنگیی كاروباری بانگخوازی كە لە ئیسلامدا بناغە و بنەڕەتە. بگرە شەڕكردن لەپێناو خودادا پێویستی بە ڕوخسەت خواستن هەبووە، هەربۆیە لە یەكەم ئایەتی تایبەت بە جەنگ ڕوخسەتەكە دابەزی: (أُذِنَ لِلَّذِينَ يُقَاتَلُونَ بِأَنَّهُمْ ظُلِمُوا وَإِنَّ اللَّهَ عَلَى نَصْرِهِمْ لَقَدِيرٌ) (سورة الحج: الآية39). هەربۆیە (إن العربي) لە ڕاڤەی ئایەتی خەرجیاتەكانی زەكاتدا دەفەرموێت: (سبل الله كثيرة ..)، واتە: (ڕێگاكانی خودا زۆرن..).

ڕازی لە تەفسیرەكەیدا دەفەرموێت: (نابێت فەرمایشتی "وفي سبيل الله" لە شەڕڤاناندا قەتیس بكەین..)، هەروەها لە تەفسیری سەید رشید رضا هاتووە (.."وفي سبيل الله" واتا بەرژەوەندیی مسوڵمانان بەگشتی كە ئەوانەی كاروباریی ئایینی و دەوڵەتیان بەدەستە ئەنجامی دەدەن، نەوەك تاكەكان..).

 

پاش ورد بوونەوە و لێكۆڵینەوەمان لەم دەستەواژەیە "وفي سبيل الله"، تێدەگەین كە مەبەست لێی هەموو ئەو شتانەیە كە پەیوەندییان بە بانگەواز و بەدیهێنانی فەرمایشتی خوداوە هەیە.

هەربۆیە ئەو خەرجییانەی لە ئایەتی 60ی سوورەتی (التوبة) باس كراون، هەم بەرژەوەندیی تاكە كەسی دەگرێتەوە، وەك هەژاران، دەست كورتان و قەرزاران و ئازاد كردنی كۆیلەكان و ئەو ڕێبوارانەی پارەیان لێ دەبڕێت و ئەو تازە مسوڵمانبووانەی كە هێشتا ئایین لە دڵیاندا جێگیر نەبووە، هەمیش بەرژەوەندی گشتیی ئیسلام دەگرێتەوە كە بە "وفي سبيل الله" گوزارشتی لێكراوە. هەروەها ئەو دامەزراوانەش دەگرێتەوە كە كاری  لەسەر دەكەن و بە "وَالْعَامِلِينَ عَلَيْهَا" گوزارشتی لێ كراوە.

سەرجەم زانایانی لێكۆڵەری كۆن و نوێ، لەسەر ئەم واتایە كۆكن.