لە ئەستەنبوڵ، کۆڕبەندی "فیقهی میزان" دەستیپێکرد

Jun 21 2025

لە ئەستەنبوڵ، کۆڕبەندی "فیقهی میزان" دەستیپێکرد: هەوڵێک بۆ داڕشتنەوەی هزری ئیسلامی لەسەر بنەمای هاوسەنگی

ئەستەنبوڵ - ڕۆژی شەممە، ٢١ی حوزەیرانی ٢٠٢٤، لەژێر دروشمی "بەرەو گەلێكی هاوسەنگ و بووژاوە"، شاری ئەستەنبوڵ میوانداریی یەکەم ڕۆژی کۆڕبەندی زانستیی نێودەوڵەتیی "فیقهی میزان"ی کرد. کۆڕبەندەکە بە هاوبەشیی یەکێتیی جیهانیی زانایانی مسوڵمان و زانکۆی سوڵتان محەمەد فاتیحی وەقفی، و وەقفی زانایانی ئیسلام ڕێکخرا و ژمارەیەکی بەرچاو لە زانایان و توێژەران و ئەکادیمیستان لە وڵاتە جیاجیاکانی جیهانی ئیسلامییەوە تیایدا بەشداربوون.

ئامانجی سەرەکیی کۆڕبەندە دوو ڕۆژییەکە، گۆڕینی چەمکی "فیقهی میزان"ە لە تیۆرییەوە بۆ پڕۆگرامێکی کاریگەر و کرداری کە بتوانێت وەڵامی ئاڵنگارییە هاوچەرخەکان بداتەوە و چارەسەری قەیرانەکانی گەلی ئیسلامی بکات.

پ.د. عەلی قەرەداغی: لاسەنگی هۆکاری پاشەکشەی شارستانییە
لە وتاری دەستپێکی کۆڕبەندەکەدا، پڕۆفیسۆر دکتۆر عەلی محێدین قەرەداغی، سەرۆکی یەکێتیی جیهانیی زانایانی مسوڵمان، جەختی لەوە کردەوە کە ئەم کۆڕبەندە "تاجەگوڵینەی هەوڵێکی زانستیی درێژخایەنە" بۆ چەسپاندنی فیقهی میزان وەک پڕۆگرامێکی گشتگیر بۆ ژیان.

ناوبراو هۆشداریی دا لەوەی کە "لاسەنگی لە هاوکێشە شەرعییەکاندا، چ لە تێگەیشتندا بێت یان لە جێبەجێکردندا، بووەتە هۆی دووبەرەکی و پاشەکشەی شارستانی." هەروەها ڕەخنەی لە کورتکردنەوەی ئایین لە دروشمی ڕووکەشدا گرت و جەختی لەوە کردەوە کە بووژانەوە و پێشکەوتن تەنها بە گەڕانەوە بۆ ئیسلامی ڕاستەقینە و جێبەجێکردنی هاوسەنگی لە بیر و کرداردا؛ دێتە دی.


لە لایەکی دیکەوە، هەریەک لە جێگرانی سەرۆکی یەکێتییەکە دیدگای خۆیان خستەڕوو:

  • شێخ محەمەد حەسەن دەدۆ شەنقیتی لە وتارێکی تۆمارکراودا، جەختی لە گرنگیی جێبەجێکردنی کرداریی فیقهی میزان کردەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانکارییە خێراکانی سەردەم.

  • پ.د. عیسام بەشیر ڕایگەیاند کە فیقهی میزان ئامرازێکی میتۆدیی گرنگە بۆ پاراستنی موجتەهید لە لادانی هزری، هەروەها داوای پەیڕەوکردنی میتۆدی نوێی کرد بۆ چارەسەری کێشەکان.

  • مامۆستا عەبدولوەهاب ئیکینجی ئاماژەی بەوەدا کە واقیعی ئیسلامی بەدەست لاسەنگییەوە دەناڵێنێت و کۆڕبەندەکە هەوڵێکە بۆ پڕکردنەوەی کەلێنێکی گەورەی فیقهی لەم بوارەدا.

  • د. عەبدولمەجید عەکروت، سەرۆکی لیژنەی ئامادەکاری کۆڕبەند، وتی: "قەیرانی گەل، قەیرانی میتۆدە،" و جەختی کردەوە کە هاوسەنگی ڕێگای سەرەکییە بۆ تێگەیشتنی دروست و بووژانەوە.

تەوەرە سەرەکییەکانی کۆڕبەند
کۆڕبەندەکە لە ماوەی دوو ڕۆژدا پێنج تەوری سەرەکی تاوتوێ دەکات:

  1. فیقهی میزان لە کەلەپووری ئیسلامیدا.

  2. هۆکارەکانی لاسەنگی لە سەردەمی نوێدا.

  3. کاریگەریی هاوسەنگی لەسەر گوتاری ئیسلامی.

  4. جێبەجێکردنی فیقهی میزان لە بواری سیاسی و کۆمەڵایەتیدا.

  5. نموونەی هاوچەرخ بۆ چارەسەرکردنی ئاڵنگارییەکان.

ڕێکخەرانی کۆڕبەند هیوادارن کە دەرەنجامەکانی ئەم كۆڕبەندە ببنە بناغەیەک بۆ داڕشتنەوەی هۆشیاریی شەرعی و پێشکەشکردنی وەڵامی کرداری بۆ کێشەکانی سەردەم لەسەر بنەمای میانڕەوی و هاوسەنگی.

پۆستی هاوشێوە