سەرۆکی مۆریتانیا پێشوازی لە شاندی باڵای یەکێتیی زانایان دەکات

May 25 2025

سەرۆکی مۆریتانیا پێشوازی لە شاندی باڵای یەکێتیی زانایان دەکات

ڕۆژی هەینی، ٢٥ی ئایاری ٢٠٢٥، جەنابی سەرۆکی مۆریتانیا، بەڕێز محەمەد ولد غەزوانی، لە کۆشکی سەرۆکایەتی، پێشوازی لە شاندێکی باڵای یەکێتیی جیهانیی زانایانی مسوڵمان کرد بە سەرۆکایەتیی پڕۆفیسۆر دکتۆر عەلی محێدین قەرەداغی و جێگرەکەی، شێخی پایەبەرز محەمەد حەسەن ولد دەدۆ. لە دیدارێکی فەرمی و بەرهەمداردا، چەندین پرسی گرنگ تاوتوێ کران.

لە دەستپێکی دیدارەکەدا، د. عەلی قەرەداغی شرۆڤەیەکی وردی لەسەر پەیام و ئامانج و چالاکییەکانی یەکێتییەکەی لە سەرانسەری جیهاندا پێشکەش کرد. لای خۆیەوە، سەرۆک غەزوانی سەرسامیی خۆی بە ڕۆڵ و کاریگەریی یەکێتییەکە نیشاندا و ستایشی هەوڵەکانیانی کرد لەپێناو خزمەتکردنی پرسەکانی گەلدا.

لە بواری ئابووریدا، د. عەلی قەرەداغی دوو پێشنیازی کردەیی خستەڕوو:

  1. دەرکردنی قەواڵەی ئیسلامی (صكوك): بە ئامانجی دابینکردنی سه‌رمایه‌ بۆ پڕۆژە گەورەکانی نیشتەجێبوون و گەشەپێدان، لەنێویاندا پڕۆژەیەک بۆ دروستکردنی ١٠ هەزار یەکەی نیشتەجێبوون.

  2. بیرۆکەی "تەمویلی کۆمەڵایەتیی تێکەڵاو": کە هانی بانکەکان دەدات ڕێژەی ١٠%ی سه‌رمایه‌یان بۆ پڕۆژە خاوەن ڕەهەندە کۆمەڵایەتییەکان تەرخان بکەن، بە قازانجێکی کەمکراوە (نزیکەی ٣%) بۆ پشتیوانیکردنی توێژە کەم دەرامەتەکان.

هەردوو بیرۆکەکەش بە گەرمی لەلایەن سەرۆکی مۆریتانیاوە پێشوازییان لێکرا و پێزانینی خۆی دەبڕی لەئاست بیرۆکە داهێنەرانەکانی د. عەلی قەرەداغی لە بواری ئابووریی ئیسلامیدا.

تەوەرێکی دیکەی گرنگی دیدارەکە تایبەت بوو بە دۆزی فەڵەستین. د. عەلی قەرەداغی داوای لە سەرۆک غەزوانی کرد فشارە نێودەوڵەتییەکان چڕتر بکاتەوە بۆ ڕاگرتنی دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە. هاوکات، ستایشی هەڵوێستی حکومەت و گەلی مۆریتانیای کرد بۆ هاوسۆزیی بەهێز و هەڵمەتەکانیان لەپێناو کۆکردنەوەی كۆمەك بۆ گەلی فەڵەستین.

پۆستی هاوشێوە