لە گەشتێکیدا بۆ ڕۆژئاوای ئەفریقا، د. قەرەداغی لە سێنیگالەوە بانگەوازی بۆ نوێبوونەوەی هزری و یەکڕیزیی ئیسلامی دەکات

May 22 2025

لە گەشتێکیدا بۆ ڕۆژئاوای ئەفریقا، د. قەرەداغی لە سێنیگالەوە بانگەوازی بۆ نوێبوونەوەی هزری و یەکڕیزیی ئیسلامی دەکات

پڕۆفیسۆر دکتۆر عەلی محێدین قەرەداغی، سەرۆکی یەکێتیی جیهانیی زانایانی مسوڵمان، گەشتێکی گرنگ و فرە چەمکی بۆ ڕۆژئاوای ئەفریقا دەستپێکرد، کە یەکەم وێستگەی کۆماری سێنیگال بوو و بڕیارە شەش ڕۆژ بخایەنێت.

چڕکردنەوەی هەوڵەکان لە سێنیگال
سەردانەکەی د. عەلی قەرەداغی بە کۆمەڵێک دیدار و پڕۆژەی ستراتیژی دەستیپێکرد. لە یەکەم چالاکیدا، لەگەڵ ئەندامانی لقی سێنیگالی یەکێتییەکە کۆبووەوە و تێیدا دیدگای گشتیی یەکێتی و پڕۆژە داهاتووەکانی خستەڕوو. ناوبراو ئاڵنگارییەکانی بەردەم جیهانی ئیسلامی باسکرد و ئاماژەی بەوەدا کە "ڕێککەوتنی ئیبراهیمی" جەنگێکی نەرمە دژی ئیسلام و بەهاکانی. هەروەها جەختی لە پێویستیی داڕشتنی "پەیماننامەیەکی گشتگیر" کردەوە بۆ یەکخستنی هەوڵی سەرجەم پێکهاتە و قوتابخانە ئیسلامییەکان.

یەکێک لە پێشنیازە سەرەکییەکانی پڕۆژەیەک بوو بۆ نوێکردنەوەی فیقهی ئیسلامی، بەتایبەت "فیقهی میزان"، کە هاوسەنگی لەنێوان بنەما نەگۆڕەکان و پێداویستییە گۆڕاوەکانی سەردەمدا دروست دەکات. بۆ ئەم مەبەستەش، پێشنیازی بەستنی کۆنگرەیەکی نێودەوڵەتی لە سێنیگال کرد تا ببێتە سەکۆیەک بۆ ژیاندنەوەی یەکپارچەیی هزری ئوممەت. هەروەها پلانی دامەزراندنی بارەگایەکی هەمیشەیی بۆ یەکێتییەکە لە داکاری پایتەخت ڕاگەیاند.

پڕۆژەی خێرخوازی و وانەی ئابووریی ئیسلامی
لە درێژەی سەردانەکەیدا، د. عەلی قەرەداغی سەردانی ناوچەی "ندۆکومان"ی کرد و لەلایەن خەڵکی ناوچەکەوە بە سەرۆکایەتی خەلیفە شێخ ئیبراهیم با، پێشوازییەکی گەرمی لێکرا. سەردانەکە هاوکات بوو لەگەڵ دەستپێکردنی پڕۆژەی خێرخوازیی دروستکردنی "مزگەوتی گەورە و دار المواهبین" کە لەلایەن کۆمەڵەی خێرخوازیی قەتەرەوە جێبەجێ دەکرێت. د. عەلی قەرەداغی ئەم پڕۆژەیەی بە "منارەی زانست و پەرستش" ناوبرد و هیوای خواست ببێتە بە ناوەندێک بۆ هۆشیاری و چاکسازی.

ڕۆژی چوارشەممە، ٢١ی ئایاری ٢٠٢٥، لە داکاری پایتەخت، بە هاوبەشی لەگەڵ ڕێکخراوی "عطاء"ی خێرخوازی، وانەیەکی زانستیی گرنگی لەسەر "ڕێکخستەی ئابووریی ئیسلامی" پێشکەش کرد. وانەکە بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە زانایان، ئەکادیمی و ئابووریناسان و نوێنەرانی کۆمەڵگەی مەدەنی بەڕێوەچوو و گفتوگۆیەکی چڕی لەبارەی توانای جێبەجێکردنی ئابووریی ئیسلامی لە ئەفریقادا؛ بەخۆوە بینی.

وێستگەی دووەم: مۆریتانیا
لە دووەم وێستگەی گەشتەکەیدا بۆ ڕۆژئاوای ئەفریقا، د. عەلی قەرەداغی گەیشتە وڵاتی شەنقیت (مۆریتانیا) کە بە خاکی زانایان و پیاوچاکان ناسراوە. لە پێشوازیدا، جێگرەکەی، شێخی پایەبەرز محەمەد حەسەن وەلەد دەدۆ؛ ئامادەبوو. بڕیارە لەو وڵاتەش چەندین وانەی زانستی و پڕۆژەی خێرخوازی ئەنجام بدات و بۆ نوێژی هەینی لە مزگەوتی عەبدوڵڵا کوڕی یاسین لە نوشكوتی پایتەختی وڵات، وتارێك پێشکەش بکات.