حوكمی كاركردن لە بانكە سووخۆرەكان

Aug 08 2025

پرسیار:

السلام علیكم ورحمة الله وبركاته.

حاڵتان چۆنە مامۆستای بەڕێزم؟ داوا لە خودای مەزنی خاوەن عەرشی مەزن دەكەم كە هەردەم باش و لەشساغ و تەندروست بن.

خوشكێكمان هەیە پرسیار دەكات لەبارەی كاركردن لە بانكە سووخۆرەكان، لەكاتێكدا سروشتی كارەكەی ئەو بریتییە لە چاودێری كردنی تاوانە بازرگانییەكان و هیچ پەیوەندییەكی بە سوو و بیمەوە نییە.

خوای گەورە پایەدار و پارێزراوتان بكات

 

وەڵام:

گومان لەوەدا نییە كە لە بنەڕەتدا كاركردن لە بانكە سووخۆرەكان یان ئەو كۆمپانیایانەی چالاكییەكانیان حەرامە، نادروستە؛ بەڵام هەندێ حاڵەتی شازمان هەیە. بۆنمونە:

ئەگەر كەسەكە لە بوارێكی دیاریكراودا شارەزایی بەدەستهێنابێت، وەك بانكەكان و كارگێڕیی بانك و هاوشێوەكانیان، هەوڵی دەدا و دەگەڕا بۆ كار و لەوپەڕی پێویستیدا بوو بۆ كار و هیچ كارێكی جگە لەوە دەست نەدەكەوت،  ئەوا لەم حاڵەتەدا ڕێی پێ دەدرێت لە بانكە سووخۆرەكاندا كار بكات، هەتا ئەوكاتەی ئەزموونێك پەیدا دەكات و لەگەڵ ئەوەشدا بەردەوام هەوڵ بدات دامەزراوە یان كۆمپانیایەكی تر بدۆزێتەوە بۆ كاركردن كە كاركردن تیایدا ئاسایی و دروست بێت.

حاڵەتی دووەم بۆ كەسێكە كە بەدوای كاردا دەگەڕێت و هیچ دەستناكەوێت، بەڵام لەو دامەزراوەیەدا كارێكی دەستدەكەوێت كە هیچ پەیوەندیی بە قەرز و سووخواردنەوە نییە، وەك چاودێری كردنی تاوانە ئەلیكترۆنییەكان یان هەر شتێكی تر. ئەوكاتە ڕێپێدراوە لە بانكە سووخۆرەكاندا كار بكات، چونكە ئەوەی گرنگە خودی كارەكەیە، مادەم بنەڕەتی كارەكەی ڕێپێدراوە كە بریتییە لە چاودێریكردن و بەدواداچوونی تاوانی ئەلیكترۆنی؛ ئەوا كارەكەشی دروست و ڕێپێدراوە.

بەڵام سەرەڕای هەموو ئەمانە پێویستە كەسكە هەوڵبدات لە بانكە ئیسلامییەكان و ئەو كۆمپانیا و دامەزراوانەدا كار بكات كە چالاكیی قەدەغەكراو و حەرامی تیادا ئەنجام نادرێت، ئەمە لە هەموو شتێك باشترە.

خودای گەورەش باشتر دەزانێت.