حوكمى بەخشینی بەها و نرخی قوربانی و هەدی، لەبری قوربانی و هەدی

Aug 08 2025

"بە ناوی خودای بەخشندەی میهرەبان"

فەتوایەک دەربارەی خەرج كردنی نرخ و بەهای (هەدی) و قوربانی بەپێی فیقهی میزان:

پرسیارێكی زۆرم پێگەیشتووە دەربارەی خەرج كردنی نرخی (هەدی) لە حەجدا، و قوربانی بۆ هەژارە لێقەوماوەکان لە جیهانی ئیسلامیدا و بەتایبەتی لە غەززە.

وەڵام:
سوپاس و ستایش بۆ خودای پەروەردگاری جیهانیان، و دروود و سڵاو لەسەر پێغەمبەری بە ڕەحمەت نێردراو بۆ جیهانییان، و لەسەر خانەوادە و هاوەڵانی و هەموو ئەوانەی شوێن ڕێبازەکەی کەوتوون تا ڕۆژی دوایی.
دوای ئەوە..

لێرەدا پێویستە بەپێی پرسیارە وروژێنراوەكە، ئەو شتانە ڕوون بكرێنەوە و دیاری بكرێن كە ناکۆکییان لەسەرە و میزان (كێشانە)ی هەر بابەتێك بە جیا دەستنیشان بكرێت.

یەکەم: كێشانە (میزانی) قوربانی لەسەر ئەوە دامەزراوە کە دروشمێکی ئایینییە (شەعیرەیەکە) و ئەنجامدانی تەنها بریتییە لە سەربڕینی مەڕێک، یان بزنێک، یان مانگایەک، یان وشترێک لە ڕۆژانی قوربانیدا، كە لە دوای نوێژی جەژنی یەکەم ڕۆژەوە دەست پێدەکات، هەتا خۆرئاوابوونی ڕۆژی چوارەم؛ لەگەڵ بوونی مەرجەکانی تری قوربانی. ئەمەیە قوربانی شەرعی، و دوو تای هەیە:

تایە سەرەکی و بنەڕەتییەكەی بریتییە لە ئەنجامدانی دروشمەکە بۆ ڕەزامەندی خودای گەورە، هەر ئەمەش بنچینەکەیە، میزانەكەی بریتییە لە ڕاوەستان لە سنووری دەقی شەرعیدا، چونکە لەو پەرستشە دروشمییانەیە کە بنەما تیایاندا وەستانە لە سنووری دەق و تێپەڕنەکردنی. تەنانەت پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) لە فەرموودەیەکی سەحیحدا ناوی ناوە "نوسوک" (ڕێوڕەسمی پەرستش)"١". هەروەها قوربانی هەندێک ڕێوڕەسمی سەرەکی هەیە، وەک قژ نەتاشین و نینۆک نەکردن و هاوشێوەکانی، ئەمەش جەخت لەوە دەکاتەوە کە دروشم و ڕێوڕەسمێكی پەرستشییە "٢".

بەڵگەش لەسەر ئەوە فەرمایشتێكی خودای گەورەیە: (وَالْبُدْنَ جَعَلْنَاهَا لَكُمْ مِنْ شَعَائِرِ اللَّهِ لَكُمْ فِيهَا خَيْرٌ فَاذْكُرُوا اسْمَ اللَّهِ عَلَيْهَا صَوَافَّ فَإِذَا وَجَبَتْ جُنُوبُهَا فَكُلُوا مِنْهَا وَأَطْعِمُوا الْقَانِعَ وَالْمُعْتَرَّ كَذَلِكَ سَخَّرْنَاهَا لَكُمْ لَعَلَّكُمْ تَشْكُرُونَ (36) لَنْ يَنَالَ اللَّهَ لُحُومُهَا وَلَا دِمَاؤُهَا وَلَكِنْ يَنَالُهُ التَّقْوَى مِنْكُمْ كَذَلِكَ سَخَّرَهَا لَكُمْ لِتُكَبِّرُوا اللَّهَ عَلَى مَا هَدَاكُمْ وَبَشِّرِ الْمُحْسِنِينَ (37) الحج 36-37).

واتە: ئێمه سه‌ربڕینی قوربانییه دابه‌سته‌کانمان بڕیارداوه که هه‌ندێك بن له دروشمه‌کانی خوا (که له‌کاتی حه‌ج و جه‌ژنی قورباندا ئه‌نجام ده‌درێت) بێگومان خێرو بێری زۆری تێدایه بۆتان (بازاڕی کڕین و فرۆشتن ده‌جووڵێنێت و هه‌ژاران تێر ده‌بن له گۆشت، پاداشتی زۆری قیامه‌تییش مسۆگه‌ر ده‌کات... هتد) ده ناوی خوا ببه‌ن له‌کاتی سه‌ربڕینیدا (بڵێن بسم الله‌... الله أکبر) کاتێك ئاماده کراون و ڕیزکراون بۆ سه‌ربڕین، جا کاتێك که سه‌ربڕان و گیانیان تیادا نه‌ماو پاك کران و پارچه پارچه کران لێیان بخۆن و به‌شی هه‌ژاران و سواڵکه‌رانی لێ بده‌ن، ئا به‌و شێوه‌یه ئێمه ماڵاتمان بۆ ئێوه ڕامهێناوه بۆ ئه‌وه‌ی سوپاسی خوا بکه‌ن. دڵنیابن هه‌رگیز گۆشته‌که‌ی و خوێنه‌که‌ی به‌خوا ناگات، به‌ڵکو ته‌قواو پارێزکاری ئێوه به‌و ده‌گات و (حسابی بۆ ده‌کات)، ئا به‌و شێوه‌یه ده‌بینن به‌چاوی خۆتان ماڵاتی بۆ ئێوه ڕام هێناوه‌، تا له‌کاتی سه‌ر بڕینیدا، ألله أکبر بڵێن و قه‌دری په‌روه‌ردگاری گه‌وره بزانن که هیدایه‌تی داون و مژده‌یش بده به چاکه‌کاران و خێرخوازان.

 

وشەی "البُدن" لێرەدا هەموو ئاژەڵێکی گەورەی وەک وشتر و مانگا دەگرێتەوە "٣". هەندێک لە ڕاڤەكاران ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئایەتەکە (هەدی) و قوربانیش دەگرێتەوە، و ئەمە ڕاستەکەیەتی.
هەروەها لە حیكمەتەكانی قوربانی كردن، زیندووكردنەوەی سوننەتی سەروەرمان ئیبراهیمە (علیه السلام) و سوپاسگوزاریكردنە لەسەر نیعمەتەكانی خودای گەورە و چەند شتێكی تری هاوشێوە. پاشان لە پێغەمبەرەوە (صلی الله علیه وسلم) نەسەلمێنراوە كە نرخی قوربانی دابێت، بەڵكو دوو بەرانی كردۆتە قوربانی، و (هەدی)یشی سەربڕیوە، جێنیشینەكانیش بەهەمان شێوەبوون.

تای دووەم: تای تەبایی کۆمەڵایەتی (تكافل) و دڵخۆشکردنی ھەژاران و كەم دەرامەتانە.

ھەروەھا سەبارەت بە ھەدی (ئەو ئاژەڵەی کە واجب دەبێت لەسەر حاجی بەھۆی گەمارۆدان (الإحصار)، یان حەجی تەمەتوع، یان حەجی قیران) بەڵکو دروشمێتییەكەی لە ڕووی ئاماژە قورئانییەكەوە ئاشکراتر و بەهێزترە، بۆیە دروست نییە بەخشینی بەھا و نرخەکەی جێگەی ھەدی بگرێتەوە، بەڵکو پێویستە وەك خۆی بێت، خودای گەورە فەرموویەتی: ( هَدْيًا بَالِغَ الْكَعْبَةِ). بەڵام دەکرێت بەھاکەی بدرێتە بانکی ئیسلامی لە مەککە، تا ئەو لە حەرەمدا بە سەربڕینەکە ھەڵبستێت، پاشان پاکەتی بکات و بۆ ھەژارانی موسڵمانانی بنێرێت.

لەسەر ئەم بنەمایە، بەھای قوربانی، یان بەھای ھەدی، جێگەی خودی قوربانی، یان خودی ھەدی ناگرێتەوە؛ هەر ئەمەش شتە ڕاست و دروستەكەیە. چونکە قوربانی و ھەدی، سەربڕینی ئاژەڵێکی دیاریکراوی شەرعییە بۆ نزیکبوونەوە لە خودای گەورە، بەپێی مەرجەکانیان. خێر و بەخشینیش بە پارە، پاداشتی خۆی ھەیە، بەڵام پێی ناوترێت قوربانی.

لێرەدا پرسیارێک دێتە ئاراوە سەبارەت بەوەی کامیان باشترە، ڕای پەسەند (راجح) کە بەڵگە شەرعییەکان پشتیوانی دەکەن ئەوەیە کە قوربانی کردن باشترە لە بەخشینی نرخەکەی، چونکە دروشم و پەرستشێکە پەیوەستە بە جەژنی قوربانەوە، ھەروەک چۆن سەرفیتڕە پەیوەستە بە جەژنی ڕەمەزانەوە. سەرەڕای ئەوەش، پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) و جێنشینەكان سوور بوون لەسەری.

ھەروەھا قوربانی پەیوەستە بە نوێژەوە وەک خودای گەورە فەرموویەتی (فَصَلِّ لِرَبِّكَ وَانْحَرْ) (کەواتە نوێژ بۆ پەروەردگارت بکە و قوربانی بکە)، ھەر بۆیە کۆمەڵێک لە فەقیھەکان (لەنێویاندا حەنەفییەکان) بۆچوونیان وایە کە قوربانی واجبە بەھۆی ئەم فەرمانەی کە لەم ئایەتە پیرۆزەدا ھاتووە.

دووەم: ڕاسپاردنی بریکار (وەکیل)

ئەگەر بەھای قوربانی بدرێتە ڕێكخراوێك، یان بە کەسێک تا ھەڵبستێت بە کڕینی ئاژەڵی داواکراو و سەربڕینی و پاشان دابەشکردنی، قوربانییەکی دروستە و لەسەر بنەمای بریکارێتی دامەزراوە، كە ئەویش  بەپێی دەقە شەرعییەکان و کۆدەنگی زانایان دروستە. ئەمە و خودای گەورە زاناترە.

لە کۆتاییدا، داوا لە موسڵمانان دەکەم پارێزگاری لە دروشمە ئیسلامییەکان بکەن، هەروەک ئەوەی لە کتێبی خودا و سوننەتی پێغەمبەرەکەیدا (صلی الله علیه وسلم) ھاتووە، بەبێ گۆڕین و دەستکاری کردنی.

(ذَٰلِكَ وَمَن يُعَظِّمْ شَعَائِرَ اللَّهِ فَإِنَّهَا مِن تَقْوَى الْقُلُوبِ) (الحج: ٣٢)

 

بەندەی ھەژار و ملکەچ بۆ پەروەردگاری

پ.د. عەلی محێدین قەرەداغی

سەرۆکی یەکێتیی جیھانیی زانایانی موسڵمان

٥ی ذوالحجة / ١٤٤٦ک

١ / حوزەیران / ٢٠٢٥ ز

 

 

پەراوێزەکان:

١/ بوخاری لە سەحیحەکەیدا (٩٧٦) و موسلیم (١٩٦١) گێڕاویانەتەوە، بە دەقی " إن اول نسكنا في يومنا هذا أن نبدأ بالصلاة، ثم نرجع فننحر..." (واتە: یەکەم پەرستشمان لەم ڕۆژەدا ئەوەیە کە بە نوێژ دەست پێبکەین، پاشان بگەڕێینەوە و سەرببڕین...).

٢/ ئەوەیە کە موسلیم (١٩٧٧) گێڕاویەتیەوە بە دەقی " إذا دخلت العشر وأراد أحدكم أن يضحي فلا يمس من شعره وبشره شيئاً" (واتە: ئەگەر دە ڕۆژی (ذی الحجة) ھات و یەکێکتان ویستی قوربانی بکات، با دەست لە موو و پێستی خۆی نەدات) و لای ئیبن حبان (٥٨٩٧) بە دەقی " .. فلا يقلم أظافره، ولا يحلق.." (واتە: ..نینۆکەکانی ناکات، و مووی ناتاشێت..).

٣/ وەک لە تەفسیری تەبەریدا ھاتووە لە لێکدانەوەی ئایەتی ٣٦ی سوورەتی حەج، و ئیبن کەسیر – دوای باسکردنی ئەوانەی دەڵێن "البدن" مانگاش دەگرێتەوە – وتوویەتی: " أصحهما أنه يطلق عليه أي على البقرة - ذلك شرعاً، كما صح في الحديث" (واتە: ڕاستترینیان ئەوەیە کە بەسەر مانگاشدا دەگوترێت – ئەمە شەرعەن، وەک لە فەرموودەدا سەحیح بووە) و ئەمە وتەی زۆربەی فەقیھەکانە، ھەروەھا لە تەفسیری ئیبن جەوزی لە لێکدانەوەی ئایەتی ٣٦ / الحج، و التحریر والتنویر ی ئیبن عاشور لە لێکدانەوەی ئایەتی ٢٨ الحج و البحر المحیط لە لێکدانەوەی ئایەتی ٣٦ الحج.